ئەمریکا بە بەھای ٢.٢ ملیار دۆلار ھاوکاری سەربازیی بۆ ئۆکراین دەنێرێت

2023-02-04   |  
فۆتۆ: 
هەژار
ئەمریکا کاروانێکی تری ھاوکاری سەربازیی بە بەھای زیاتر لە دوو ملیار دۆلار رەوانەی ئۆکراین دەکات، روسیاش دەڵێت واشنتۆن قۆناغێکی تری روبەڕوبوونەوەی مۆسکۆی دەستپێکردوە.

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) رایگەیاند، لە چوارچێوەی ھاوکارییە سەربازییەکانیان بۆ ئۆکراین، بە بەھای دوو ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلاری ھاوکاری تری سەربازیی بۆ ئەو وڵاتە دەنێرن و سەرەتاش جۆ بایدن لە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانیدا کە پێویستی بە رەزامەندی کۆنگرێس نییە، بە بەھای ٤٢٥ ملیۆن دۆلار رەوانەکردنی ھاوکارییە سەربازییەکانی بۆ ئۆکراین ئیمزا کردووە و ملیارێک و ٧٥ ملیۆن دۆلاریش تەرخانکراوە بە مەبەستی دروستکردنی چەکی نوێ بۆئەوەی بدرێتە ئۆکراین.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ھاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ ئۆکراین لەسەرەتای دەستپێکردنی ھێرشەکانی روسیاوە تائێستا گەیشتووەتە ٢٩ ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دۆلار.

لە بەرامبەریشدا پەرلەمانی روسیا کە بە ئەنجومەنی دۆما ناسراوە رایگەیاندووە، ئەمریکا بەو ھەنگاوەی بۆ ھاوکاریکردنی ئۆکراین لە رووی سەربازییەوە، قۆناغێکی نوێی بۆ روبەڕوبوونەوەی روسیا دەستپێکردووە.