ئەمریکا سزای بەسەر لێپرسراوان و ژمارەیەک فەرمانبەری کۆمپانیایەکی ئێرانیدا سەپاند کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەرھەم دەھێنن.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، سزایەکی نوێیان بەسەر ئێراندا سەپاندووە کە ھەشت ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی کۆمپانیای (باراڤار پارس) تایبەت بە بەرھەمھێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەگرێتەوە و ژمارەیەکی تری کارمەندانی کۆمپانیاکە و دوو کەشتی ئێرانیش لە لیستی سزاکەدان.
راشیگەیاندووە، بەپێی بڕیارەکە سەروەت و سامانی ئەو کەسانەی سزاکە دەیانگرێتەوە لە ئەمریکا بلۆک دەکرێن و ھیچ ھاوڵاتی و کۆمپانیایەکی ئەمریکیش بۆی نییە بازرگانی و مامەڵە لەگەڵ سزادراوەکاندا بکەن.