ئێران بە رەسمی ئیسرائیلی بە ئەنجامدانی ھێرشەکەی ئەسفەھان تۆمەتبار کرد

2023-02-02   |  
فۆتۆ: 
شۆرش
ئەمیر سەعید ئیروانی نوێنەری ئێران لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نامەیەکدا بۆ سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ھێرشەکەی سەرەتای ئەم ھەفتەیەی بۆ سەر ناوەندێکی سەربازیی لە ئەسفەھان بە کردەوەیەکی تیرۆریستی لەقەڵەمدا و رایگەیاند، بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانیان ھێرشەکە لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەنجام دراوە.

ھەڕەشەی ئەوەشیکرد ئێران لە ھەر کات و شوێنێکدا بەپێویستی بزانێت، وەڵامێکی یەکلاکەرەوەی بۆ ئەو ھێرشانەی ئیسرائیل دەبێت.

شەوی ٢٨ی مانگی رابردوو، دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەھێز لەناو شاری ئەسفەھان بیسترا و دواتر وەزارەتی بەرگری ئێران لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بە سێ درۆن ھێرشکراوەتە سەر ناوەندێکی سەر بە وەزارەتەکە، بەڵام ھێرشەکە سەرکەوتوو نەبووە و ھەر سێ درۆنەکەیان خستووەتە خوارەوە.

پێشتریش ماڵپەڕی نور نیوزی نزیک لە ئاسایشی نیشتمانی ئێران، حزبەکانی رۆژھەڵاتی کوردستانی بە ھاوکاریکردنی ئیسرائیلی لە ئەنجامدانی ئەو ھێرشە تۆمەتبارکردبوو، تۆمەتەکە لەلایەن ناوەندی ھاوکاری حزبەکانی رۆژھەڵات رەتکرایەوە، بەڵام تائێستا لێپرسراوانی ئیسرائیل ھیچ لێدوانێکیان لەوبارەیەوە نەداوە.