وەزیری بازرگانی ھەرێم: لەمەودوا پارەی بەشەخۆراکی مانگانە رادەستی بەغداد دەکەین

2023-02-01   |  
فۆتۆ: 
رێبوار
کەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی ھەرێم رایگەیاند، لەبەرامبەر کشاندنەوەی سکاڵایەک دژی ھەرێم لە دادگای فیدراڵی، لەگەڵ بەرپرسانی عێراق رێککەوتوون لەمەودوا پارەی بەشەخۆراک رادەستی حکومەتی فیدراڵ بکەن.

وەزیری بازرگانی سەبارەت بە داوایەکی حکومەتی عێراق بۆ رادەستکردنی زیاتر لە ١١٨ ملیار دینار وەک پارەی ناردنی بەشەخۆراکی مانگانە بۆ ھاووڵاتیانی ھەرێم رایگەیاند، لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی عێراق قسەیان کردووە لەسەر ئەوەی کە ئەوەی رابردوو رۆیشت و لە مانگی ١١ی ساڵی رابردوەوە وا رێککەوتوون کە پارەی بەشەخۆراکیان رادەستبکەن.

بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای بازرگانی خۆراکی عێراق لەبەرامبەر رادەستنەکردنی پارەی بەشەخۆراکی مانگانە لە ساڵی ٢٠٠٤ەوە لە دادگای فیدراڵی سکاڵایەکی دژی وەزارەتی بازرگانی ھەرێم و کۆمپانیای بازرگانی خۆراکی ھەولێر تۆمارکردووە، دوێنێش دادگای فیدراڵی سکاڵاکەی بۆ ٢٨ی مانگی داھاتوو دواخست.

بە وتەی وەزیری بازرگانی ھەرێم کە بۆ دەنگی ئەمریکا قسەی کردووە، پێشتر چەندجارێک ئەو سکاڵایە دواخراوە و وەزارەتەکەی دووبارە داوای دواخستنی کردووە بۆ ئەوەی لە کۆتایدا بەتاڵ ببێتەوە.