بەپێی نوێترین ریزبەندی، زانکۆی سلێمانی لەسەر ئاستی زانکۆکانی ھەرێم پلەی یەکەمی بەدەستھێنایەوە و لەسەر ئاستی عێراقیش لە پلەی پێنجەمدایە.
بەپێی نوێترین ریزبەندی پێگەی (وێبۆمیتریکیس) بۆ ساڵی ٢٠٢٣، بۆ جارێکی تر زانکۆی سلێمانی لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان پلەی یەکەمی بەدەستھێناوەتەوە و لەسەر ئاستی زانکۆکانی عیراقیش لە پلەی پێنجەمدایە و لەسەر ئاستی جیھانیش چەندین پلە چۆتە پێشەوە، کە بەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوو بەشێوەیەکی بەرچاو ئاستی بەرزبووەتەوە.
ئەم لیستە نوێیەی پێگەکە پشتی بە زۆری سایتەیشتنی مامۆستایانی زانکۆکان بەستووە و تێیدا ھاتووە، لە ٢٠٢٣ دا مامۆستایانی زانکۆی سلێمانی ٤٥ ھەزار و ٢٣١ سایتەیشتنیان ھەبووە.
سایتەیشن واتە مامۆستایانی ئەو زانکۆیە توێژینەوەکانیان لەو ساڵەدا زۆرترین گەڕانی بۆ کراوە و توێژەرانی تر وەکو سەرچاوە بەکاریانھێناوە.
ریزبەندی وێبۆمیتریکیس لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای توێژینەوەی زانستی کە سەر بە وەزارەتی خوێندن و توێژینەوەی ئیسپانیایە لە رێگەی تیمێکی پسپۆرەوە ئەنجام دەدرێت.