رۆژی شەممە یەکێتی و پارتی کۆدەبنەوە

2023-01-31   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
سەرەتای ھەفتەی داھاتوو جارێکیتر یەکێتی و پارتی لە ھەولێر کۆدەبنەوە، ئەوەش دەبێتە دووەمین کۆبوونەوەیان لە ماوەی ھەفتەیەکدا.

مەحموود محەمەد وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، رۆژی شەممەی داھاتوو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان کۆدەبنەوە، لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەش وتی، ئەوکاتە ئاشکرای دەکەن.

وتەبێژی پارتی باسی لە بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرد و رایگەیاند، ھەڵبژاردن پرسێکی نیشتمانییە و پێویستە ئەنجام بدرێت.

رۆژی شەممەی رابردوو یەکێتیی و پارتی لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە سلێمانی کۆبوونەوە و لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەیان بەوەکرد، بارودۆخی سیاسیی ھەرێمی کوردستان و ھاوکێشە ناوخۆیی و ناوچەییەکانیان تاوتوێکردووە و رێککەوتوون لە دەرفەتێکی نزیکدا کۆبوونەوەی دیکەی ھەردوو وەفد ئەنجام بدرێت.