جارێکی دیکە نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھاندا دابەزی

2023-01-31   |  
فۆتۆ: 
کەژان
بەھۆی نزیکبوونەوە لەکاتی راگەیاندنی زیادکردنی سودی پێشنیازکراوی بانکی، لەلایەن بانکی ناوەندی ئەمریکا، نرخی نەوت و زێڕ دابەزین.

ئەمڕۆ لە بۆرسەی جیھانی، نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت ٥ سەنت رووی لە دابەزین کرد و بە ٨٤ دۆلار و ٨٥ سەنتەوە مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی تەکساسیش ٣٢ سەنت دابەزی و ھەر بەرمیلێک بە ٧٧ دۆلار و ٥٨ سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

سەرەڕای ئەوەی نرخی زێر ماوەی سێ مانگە بەردەوام روو لە زیادبوونە، بەڵام ئەمرۆ بەھەمان شێوە بەھۆی نزیکبونەوە لەو بریارەی بانکی ناوەندی ئەمریکا، نرخی ھەر ئۆنسەیەک زێڕ دابەزی بۆ نزیکەی ١٩٢٠ دۆلار.

بریارە رۆژی چوارشەممە بانکی ناوەندی ئەمریکا کۆببێتەوە و بڕی ٢٥ خاڵ زیادبکات بۆ سودی بانکی، رۆژی دواتریش بانکی ناوەندی بەریتانیا و یەکێتی ئەوروپاش بڕی نیو خاڵ بەھەمان شێوە زیادبکەن ئەوەش خواست لەسەر داواکردنی نەوت دەکاتە دوو ھێندە، بەوەش ئابوری جیھان ئەوەندەی تر بەرەو سیستی دەڕوات.