جێگری سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، یەکەم بژاردە و کۆتا بژاردەی بەردەم ھەردوو حکومەتی ھەرێم و حکومەتی فیدراڵ رێککەوتنێکی گشتگیر و درێژخایەنە بەپێی دەستور و ئەو رێککەوتنەش زەمینەیەکی لەبار دروستدەکات بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی خەڵک و باشترکردنی دۆخی خزمەتگوزارییەکان.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، یەکەم بژاردە و کۆتا بژاردەی بەردەم ھەردوو حکومەتی ھەرێم و حکومەتی فیدراڵ رێککەوتنێکی گشتگیر و درێژخایەنە کە بەپێی دەستور و لە بەرژەوەندی ھەموو ھاوڵاتیانی عێراق و کوردستاندابێت.
دەشڵێت، "لە کۆبوونەوەکانم لە بەغدا لەگەڵ ھەر یەکە لە دکتۆر لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران، محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، عەمار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمە و ئەحمەد ئەسەدی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق جەختمان کردەوە دەبێت گفتوگۆکانمان چڕبکەینەوە بۆ ئەوەی لەماوەیەکی نزیکدا بە تایبەت لەسەر ھەردوو پرسی بودجە و یاسای نەوت و گاز رێک بکەوین. چیتر دواکەوتنی رێککەوتن لەبەرژەوەندی ھیچ لایەکدا نییە. "
وتیشی، ھەموو خەڵکی عێراق بە ھەرێمی کوردستانیشەوە داوای خزمەتگوزاریی و خۆشگوزەرانیی دەکەن، رێککەوتنی نێوان ھەرێم و بەغداد زەمینەیەکی لەبار دروست دەکات تا ھەردوولا پێکەوە کاربکەین بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی خەڵک و باشترکردنی دۆخی خزمەتگوزارییەکان.
قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند، ھیوادارە پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغداد بگەنە ئاستێکی زۆر باش و گەشبینە لەگەڵ ئەم کابینەیەی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی بەشێکی زۆری کێشەکان چارەسەر بکەن.