کۆشکی کرملین رەتیدەکاتەوە پوتن ھەڕەشەی ھێرشی مووشەکی لە بۆریس جۆنسن سەرۆک وەزیرانی پێشووتری بەریتانیا کردبێت و دەڵێت، قسەکانی جۆنسن ناڕاستن.
دیمیتری بیسکۆڤ وتەبێژی کۆشکی کرملین لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، قسەکانی بۆریس جۆنسن یان درۆیەکی ھۆشیارانەیە کە پێویستە بەدواداچوونی بۆ بکرێت یاخود درۆیەکی ناھۆشیارانەیە و تێنەگەیشتووە پوتن چی وتووە.
وتیشی، ئاگای لە ناوەڕۆکی پەیوەندییەکەی پوتن و جۆنسن بووە و ھیچ ھەڕەشەیەکی تێدا نەبووە و پوتن لە قسەکاندا لەبارەی مەترسییەکانی سەر روسیا وتوویەتی لە حاڵەتی بە ئەندامبوونی ئۆکراین لە ناتۆ ئەگەری ئەوە ھەیە ناتۆ و ئەمریکا مووشەک لەسەر سنورەکانیان جێگیربکەن ئەوەش واتای ئەوەیە لەچەند خولەکێکدا مووشەک دەگاتە مۆسکۆ.
بۆریس جۆنسن سەرۆک وەزیرانی پێشووتری بەریتانیا لە فیلمێکی بەڵگەنامەیەدا باسی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی خۆی و پوتن کرد پێش جەنگی ئۆکراین و رایگەیاند، پوتن ھەڕەشەی ھێرشی مووشەکی بۆ سەر بەریتانیا لێکردووە.