تەرمی کۆچبەرێکی عێراقی لە ئوسترالیا دۆزرایەوە

2023-01-30   |  
فۆتۆ: 
لاڤە
تەرمی کۆچبەرێکی عێراقی لە ناوەندێکی دەستبەسەرکردن لە ئوسترالیا دۆزرایەوە.

لێپرسراوانی ئوسترالیا رایانگەیاند، لە ناوەندی دەستبەسەرکردنی "فیلاوود" لە شاری "سیدنی" تەرمی کۆچبەرێکی عێراقی کە تەمەنی ٢٨ ساڵە دۆزراوەتەوە، بەپێی لێکۆڵینەوەکانیش ئەو کۆچبەرە خۆی کوشتووە. 

وەزارەتی ناوخۆی ئوسترالیا کە سەرپەرشتی کۆچبەرە دەستبەسەرکراوەکان دەکات رایگەیاند، ئەو کۆچبەرە رەگەزی نێرە و لە ساڵی ٢٠١٤ەوە ھاتووەتە ئوسترالیا و ماوەی پێنج ساڵە دەستبەسەرە، لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە کراوەتەوە. 

ھاوکات ھاوپەیمانی کار لەپێناو کۆچبەراندا رایگەیاند، چەندین رووداوی خۆکوشتن لە ناوەندی دەستبەسەرکردنی "فیلاوود" روویانداوە، کە ناوەندێکی زۆر خراپە و کۆچبەران بەھۆیەوە تووشی نەخۆشی دەروونی و ھەوڵی خۆکوشتن دەبنەوە.