بەفربارین سەنتەری چەند قەزا و ناحیەیەکی ھەولێر و دھۆکی گرتووەتەوە

2023-01-29   |  
فۆتۆ: 
ئاکار
شەپۆلێکی بەفربارین ناوچە شاخاوییەکانی ھەرێم و سەنتەری چەند قەزا و ناحیەیەکی ھەولێر و دھۆکی گرتووەتەوە و بەھۆیەوە ئەمڕۆ لە ناوەندەکانی خوێندن لە سۆران و چۆمان کرا بە پشوو.

پەیامنێرانی کوردسات نیوز رایانگەیاند، لە سەنتەری قەزاکانی سۆران و چۆمان و ئامێدی و چەند ناوچەیەکی شاخاوی دیکەی ھەولێر و دھۆک لەگەڵ قەزای پشدەر لە ئیدارەی راپەڕین، رێژەیی زۆر بەفرباریووە و بەھۆیەوە ئاستەنگی ھاتوچۆ بۆ شۆفێران دروست بووە. ھەروەھا رێگای نێوان چۆمان-حاجی ئۆمەران داخراوە، ئەو رێگایەش تاکە دەروازەی بازرگانی و گەشتیارییە کە ھەولێر بە ئێرانەوە دەبەستێتەوە.

لای خۆیەوە، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، بەھۆی پەککەوتنی ھاتوچۆ و دۆخی کەش و ھەوا، لە سەرجەم خوێندنگەکانی سنوری ئیدارەی سۆران ئەمڕۆ کراوەتە پشووی رەسمی.
بەپێی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی ھەرێم، ئەو شەپۆلی بەفربارینە سەنتەری شاری سلێمانیش دەگرێتەوە.