میکانیزمی دابەشکردنی نەوتە بێبەرامبەرەکەی بەغداد دیاریدەکرێت

2023-01-28   |  
فۆتۆ: 
هادی
وەزارەتی نەوتی عێراق ٦٠ تەنکەر نەوتی سپی رەوانەی ھەرێم کرد و بێبەرامبەر دابەشدەکرێت، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانیش دەڵێت بەراورد بە پێداویستیی ناوخۆیی بڕێکی زۆر کەمە

نەوتەکە ئەمڕۆ لە کەرکوکەوە رەوانەی ھەولێر و سلێمانی کرا کە ٣٠ تەنکەری بۆ پارێزگاکانی ھەولێر و دھۆک و ئیدارەکانی سۆران و زاخۆ دابین دەکرێت، ٣٠ تەنکەریش بۆ پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەرین دەبێت.

محەمەد حەسیب بەڕێوەبەری بەرھەمە نەوتییەکانی سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، رۆژی یەکشەممە بەرھەمە نەوتییەکان و پارێزگارەکان کۆدەبنەوە بۆ دانانی میکانیزمی دابەشکردنی نەوتەکە بەبێ بەرانبەر.

ھاوکات، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ھەرێم لە رونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، ئەو نەوتەی گەیشتوەتە ھەرێم کە بڕەکەی دوو ملیۆن لیترە، بە بەراورد لەگەڵ زیاتر لە ٢٥٤ ملیۆن لیتر پێداویستیی ناوخۆیی ھەرێم بڕێکی زۆر کەمە.
جەختی لەوەشکردوەتەوە، ئەو نەوتە بە ھەماھەنگی لەگەڵ پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان بێ بەرامبەر بەسەر خەڵکی ھەژار و کەمدەرامەت دابەش دەکرێت، کە ھاوکاتە لەگەڵ تەواوبوونی  پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوییەکان و دەستپێکردنی لە ناوچەکانی دەوروبەر.

لای خۆیەوە، د.بڕیار رەشید ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، یەکەم پەرلەمانتار بوون ھەوڵیاندا بۆ رەوانەکردنی نەوتی سپی لە ڕێگەی بەغدادەوە، لە ماوەی ڕابردوو ھەموو بەڵگەکانیان ھەنگاو بە ھەنگاو خستە ڕوو.

وتیشی نوسراوی خۆیان بە ئیمزای وەزیر بڵاو کردەوە، بە تەحادەوە ئەگەر ھەر لایەنێکی سیاسی بە حکومەتی ھەرێمیشەوە لەسەر نوسراوی ئەوان پێش ئێمە رەزامەندی کراوە با بیخەنە ڕوو.