حکومەتی ھەرێمی کوردستان راگەیەنراوێکی سەبارەت بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بڵاوکردەوە

2023-01-25   |  
فۆتۆ: 
هادی
حکومەتی ھەرێمی کوردستان داوا لە حکومەتی عێراق دەکات نەچێتە ژێرباری بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی و پابەندبێت بەو بەڵێنانەی بە ھەرێمی داوە.

حکومەتی ھەرێمی کوردستان راگەیەنراوێکی لەسەر بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە شایستە داراییەکانی ھەرێم و ناردنی ٤٠٠ ملیارەکە بڵاوکردەوە رایگەیاند، دادگای فیدراڵی جارێکی تر، دژایەتی خۆی بۆ مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی خەڵکی ھەرێم دووپات کردەوە.

لە بەشێکی تری راگەیەنراوەکەدا ھاتووە،  ھەرێمی کوردستان، ھەرێمێکی فیدرالی دەستوورییە و ئەم بڕیارانە، پێشێلکردنێکی زەق و ئاشکرای دەستووری عێراقە، ھەروەھا دژی رێککەوتننی لایەنەکانی ئیدارەی دەوڵەتە بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێ،  بۆیە ئێمە ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی بە بڕیارێک نەک تەنیا دژی ھەرێمی کوردستان، بەڵکو دژی حکومەتی نوێی عێراق و لایەنە پێکھێنەرەکانی حکومەت دەزانین و پێویستە ھەڵوێستێکی ڕوون و ئاشکرایان بەرامبەر بڕیار و ڕەفتارە دادگای فیدراڵی ھەبێت.  

جەختیشی لەوەکردوەتەوە، ھەرێم ڕێز لە دەستوور و یاسا و دادگا شەرعییەکان دەگرێت، بەڵام ئەو دادگایە بە شێوەیەکی دەستووری پێکنەھاتووە و ڕێکنەخراوە و ناتوانێت وەک دادگایەکی فیدراڵی بڕیار بدات، بۆیە بڕیارەکانی ڕەت دەکەنەوە، داواش لە حکومەتی فیدراڵ دەکات، نەچێتە ژێرباری بڕیارەکەی دادگا و پابەندبێت بەو بەڵێنانەی بۆ ناردنی شایستە داراییەکانی ھەرێم داویەتی.