موقتەدا سەدر بەمنزیکانە دەگەڕێتەوە بۆ نێو کاری سیاسی

2023-01-25   |  
فۆتۆ: 
رێبوار
موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر بەمنزیکانە دەگەڕێتەوە بۆ کاری سیاسی و ھەوڵدەدات سود لەو ناکۆکییە سیاسییە وەربگرێت کە لە نێوان سەرکردەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان دروستبووە.

تۆڕی (زە عەرەب ویکلی) لە راپۆرتێکدا ئاشکرایکردووە، موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی ئێستا کاتێکی گونجاوە بەشێوەیەکی راستەوخۆ بگەڕێتەوە بۆ کاری سیاسی و چەقی چالاکییەکانیشی دژایەتی لایەنە سیاسییەکانی نزیک لە ئێران دەبێت.

بە پێی زانیارییەکانی تۆڕەکە، سەدر لە میانی پێشوازیکردنی لە یاریزانانی ھەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق ئاماژەی بە نزیکی گەڕانەوەی بۆ پرۆسەی سیاسی کردووە و ھێرشی کردووەتە سەر لایەنە سیاسییەکانی نزیک لە ئێران و وشەی کەنەداوی عەرەبی بەکارھێناوە لەبری کەنداوی فارس و داوای لە یاریزانەکان کردووە خۆیان فێری زمانی ئینگلیزی بکەن، لەبەرئەوەی زۆرێک لە سیاسییەکانی عێراق کە لە ئێران بوون عەرەبییەکەیان فارسی بەسەردا زاڵە.

ئاشکراشیکردووە، سەدر ھەوڵی قۆستنەوەی ئەو پەرتەوازەییە دەدات کە لەنێو چوارچێوەی ھەماھەنگی دەرکەوتووە، لە دەرئەنجامی ناکۆکی نێوان نوری مالکی و قەیس خەزعەلی.

موقتەدا سەدر لە ٢٩ی ئابی ساڵی رابردوو دوای چەندین ھەوڵ بۆ پێکھێنانی  حکومەت لە پرۆسەی سیاسی کشایەوە، ئەوەش دوای ئەوەی لایەنگرانی چوونە ناوچەی سەوز و روبەروی ھێزە ئەمنییەکانی عێراق بوونەوە.