پەرلەمانتارانی یەکێتی: بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە داقوق دەبین

2023-01-24   |  
فۆتۆ: 
هەژار
پەرلەمانتارانی یەکێتی لە بەغداد دەڵێن، بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە داقوق دەبن و داوا لە خەڵکی قەزاکەش دەکەن لەبەردەم قائیمقامیەت کۆببنەوە

پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەیان بەوە کردووە، پارێزگاری سەپێندراوی کەرکوک، بە پێچەوانەی یاسا و داوایەکیان و بە ڕەچاونەکردنی ھاوسەنگیی لە پۆستەکانی ئیدارەی کەرکوک و قەزاکانی ئەو پارێزگایە، قائیمقامێکی بۆ قەزای داقوق داناوە و پۆستەکەشی داوە بە کەسێک لە پێکھاتەی عەرەبی لە کاتێکدا ئەو پۆستە ماف و پشکی پێکھاتەی کوردە.

ئاماژەیان بەوەشکردوە، زۆر بە تووندی لە دژی ئەو بڕیارە دەوەستنەوە و داوای دەستوەردانی بەپەلەی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەن، بۆ ئەو مەبەستەش وەک بەشێک لە پەرلەمانتارانی کەرکوک رۆژی چوار شەممە لەناو بینای قائیمقامیەتی قەزای داقوق دەمێننەوە تا ھاتنەدەنگی لایەنی پەیوەندیدار و ڕاگرتنی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە، داواش لە خەڵکی قەزاکە دەکەن بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لەبەردەم قائیمقامیەت کۆببنەوە.