ژمارەیەک بەرپرسی باڵای ئۆکراین دەستیان لەکارکێشایەوە

2023-01-24   |  
فۆتۆ: 
ئایار
ژمارەیەک بەرپرسی باڵای ئۆکراین کە جێگری وەزیری بەرگرییشی تێدایە، بەھۆی چەند دۆسیەیەکی گەندەڵییەوە دەستیان لەکارکێشایەوە.

ئاژانسی فرانس پرێسی فەڕەنسی بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ ھەریەکە لە جێگری وەزیری بەرگری و یاریدەدەری بەڕێوەبەری فەرمانگەی سەرۆکایەتی و جێگری داواکاری گشتیی ئۆکراین دەستیان لەکارکێشاوەتەوە.

راشیگەیاند، دەست لەکارکێشانەوەی ئەو بەرپرسانەی ئۆکراین پەیوەندی بە دۆسێیەکی گەندەڵییەوە ھەیە، کە پێداویستی و خواردەمەنییان بە نرخێکی خەیاڵی بۆ سوپای وڵاتەکەیان کڕیووە.

لەلایەکی ترەوە، دێنیس شمیگال سەرۆک وەزیرانی ئۆکراین رایگەیاند، بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل، فەرمانیکردووە بە دوورخستنەوەی وەزیری گەشەپێدانی شار و ھەرێمەکان لە پۆستەکەی.
لە چەند رۆژی رابردوودا میدیاکانی ئۆکراین، دۆسێی گەندەڵی ژمارەیەک بەرپرسی باڵای حکومەتی وڵاتەکەیان ئاشکراکرد.