یەکەم ھەڵوێستی ئێران لەسەر "بەقاچاخبردنی دۆلار" لە عێراقەوە بۆ ئێران

2023-01-23   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، پەیوەندی نێوان ئێران و عێراق بەپێی بەرژەوەندی و سوودی ھاوبەش و دوولایەنە بووە و دەستوەردانی ئەمریکا شتێکی نوێ نییە، ئەوەش لەیەکەم ھەڵوێستیدا لەبارەی بەستنەوەی دابەزینی بەھای دیناری عێراقی بە بەقاچاخبردنی دۆلار بۆ ئێران.

 ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسی رۆژنامەنوسی ھەفتانەیدا و لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری کوردسات نیوز لەبارەی ئەو راپۆرتانەی کە نزمبوونەوەی بەھای دیناری عێراقی بەرانبەر دۆلار دەبەستنەوە بە بەقاچاخبردنی ئەو دراوە بۆ ئێران رایگەیاند، پەیوەندی نێوان ئێران و عێراق بە پێی بەرژەوەندی و سوودی ھاوبەش و دوولایەنە بووە.

وتیشی ئێران بەردەوام یارمەتی حکومەتی عێراقی داوە بەتایبەت لە بواری دابینکردنی وزەو سەقامگیری سیاسی و گەشەی ئابووری عێراق، دەستوەردان لەو پەیوەندییانەش لە سیاسەتی ئەمریکادا شتیکی نوێ نییە و ئاساییە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختیکردەوە، ئەوان بەردەوامن لە گەشەپێدان بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراق.