سەرۆکی باندێکی بەقاچاخبردنی کۆچبەرانی کورد بۆ بەریتانیا دەستگیرکرا

2023-01-22   |  
فۆتۆ: 
شۆرش
ئاژانسی نیشتمانی تاوانەکان (NCA) لە بەریتانیا بڵاویکردەوە، سەرۆکی باندێکی بەقاچاخبردنی کۆچبەرانی کورد بۆ ئەو وڵاتە بەناوی (تاریق نامیق) تەمەن ٤٥ ساڵ و دانیشتووی (ئۆڵدھام) دەستگیر کراوە و سزای ھەشت ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێنراوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، جگە لە (تاریق نامیق) چوار ئەندامی دیکەی باندەکە دەستگیر کراون و سەرجەمیان لە دادگا دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە،.

ئەو چوار کەسە بەپێی ئاستی تاوانەکەیان، لە نێوان ١٦ مانگ  بۆ نزیکەی پێنج ساڵ زیندانی سزا دراون.

ئاژانسی نیشتمانی تاوانەکان (NCA) لە بەریتانیا دەڵێت، (تاریق نامیق) سەرۆکایەتی باندێکی تاوانکاری کردووە کە بە قاچاخ و لە پشتی بارھەڵگرەکانەوە کۆچبەرە عێراقی و ئێرانییەکانیان بۆ بەریتانیا گوازتۆتەوە، (نامیق) لە کاتی گەڕانەوەی لە ئەستەنبوڵەوە بۆ بەریتانیا، لە فڕۆکەخانەی مانچێستەر دەستگیر کراوە.