نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھان دابەزی

2022-12-29   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
بەھۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا لە چین، نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت بۆ ٨٢ دۆلار دابەزی.

ئەمڕۆ لە بازاڕەکانی جیھاندا نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت ٤٢ سەنت دابەزی و گەیشتە ٨٢ دۆلار و ٨٤ سەنت، دوای ئەوەی بۆ بەرزترین ئاست لە ماوەی سێ ھەفتەدا بەرزبووەوە و گەیشتە سەروو ٨٤ دۆلار. ھاوکات نرخی نەوتی ئەمریکا ٥٠ سەنت دابەزینی تۆمار کرد و گەیشتە ٧٨ دۆلار و ٤٦ سەنت. 

ھۆکاری دابەزینی نرخی نەوت بۆ بەرزبوونەوەی ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا لە چین دەگەڕێتەوە، چونکە ھیواکانی بۆ زیادبوونی داواکاری لەسەر نەوت لە چین کە دووەمین گەورەترین بەرکاربەری نەوتە لە جیھاندا سستکردووە. 

ھەروەھا دابەزینی نرخی نەوت بۆ بەرزبوونەوەی نرخی سود لە ئەمریکا دەگەڕێتەوە، بەھۆی ئەوەی ئەنجومەنی یەدەگی فیدراڵی ئەو وڵاتە ھەوڵدەدات سنورێک بۆ بەرزبوونەوەی نرخەکان لە بازاڕدا دابنێت.