بەھۆی کەمکردنەوەی رێکارەکانی چین بەرامبەر ڤایرۆسی کۆرۆنا و کەمبوونەوەی بەرھەمھێنانی نەوت لە ئەمریکا، نرخی نەوتی خاوی برێنت بۆ بەرزترین ئاست لە ماوەی سێ ھەفتەدا بەرزبووەوە.
ئەمڕۆ نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت، زیاتر لە ٧٣ سەنت بەرزبووەوە و گەیشتە ٨٤ دۆلار و ٦٥ سەنت، ھەروەھا نرخی نەوتی رۆژئاوای تێکساسی ئەمریکاش ٨٥ سەنت بەرزبووەوە و گەیشتە ٨٠ دۆلار و ٤١ سەنت.
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ کەمبوونەوەی ئاستی بەرھەمھێنانی نەوتی ئەمریکا بەھۆی شەپۆلی سەرما و بەفرباین و کەمکردنەوەی رێکارەکانی حکومەتی چین دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەگەڕێتەوە، کە ئەو وڵاتە کۆتوبەندی لەسەر سەردانیکەران لە دەرەوە لابرد.