رۆحانی: لە دانوستانەکانی ڤییەنا ناکۆکییە بنەڕەتییەکان چارەسەر کراون

2021-06-23   |  
حەسەن رۆحانی
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، ناکۆکییە بنەڕەتییەکان لە دانوستانەکانی ڤییەنا چارەسەر کراون و ئەگەر ئیرادە ھەبێت دەتوانرێت سزاکانی سەر وڵاتەکەی ھەڵبگیرێن.

حەسەن رۆحانی، کە مانگی ھەشتی ئەمساڵ ماوەکەی وەک سەرۆک کۆماری ئێران کۆتایی دێت، بە میدیاکانی وڵاتەکەی رایگەیاند، دەتوانن لە ئەمڕۆوە دەسەڵاتی تەواوەتی بدەن بە دانوستانکارەکانیان، بۆ ئەنجامدانی رێککەوتن لە ڤییەنا بۆ لابردنی سزاکانی وڵاتەکەیان. لەلایەکی ترەوە نوسینگەی رۆحانی بڵاویکردەوە، ئەمریکا رەزامەندی دەربڕیووە لەسەر لابردنی سزاکانی سەر کەرتی نەوتی ئێران، لە چوارچێوەی ھەر رێککەوتنێک کە لەبارەی پڕۆگرامی ئەتۆمییەوە لە ڤییەنا ئیمزا بکرێت.


تائێستا وڵاتانی ئەندامی رێکەوتننامەی ئەتۆمی شەش خولی دانوستانیان لە ڤییەنا لەبارەی رێککەوتننامەکەوە ئەنجامداوە و ئەنجامی بەرچاوی نەبووە، بەڵام نوێنەرانی چین و روسیا لە دانوستانەکان باس لە بەرەو پێشچوون دەکەن.