ئیلۆن ماسک ھەژماری ژمارەیەک رۆژنامەنوسی لە تویتەر ھەڵپەسارد

2022-12-17   |  
فۆتۆ: 
رێبوار
بڕیارێکی ئیلۆن ماسک خاوەنی کۆمپانیای تویتەر بۆ ھەڵپەساردنی ھەژماری ژمارەیەک رۆژنامەنوسی دیاری ئەمریکا مشتومڕی لێدەکەوێتەوەو لەژێر فشاری رۆژنامەنوسان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ماسک ناچار دەکرێت ھەژماری ئەو رۆژنامەنوسانە کارا بکاتەوە.

ھەژماری زیاتر لە ١٠ رۆژنامەنوسی ئەمریکی کە ژمارەیەکیان لە سی ئێن ئێن و نیویۆرک تایمز و واشنتۆن پۆست  کاردەکەن لە تویتەر ھەڵپەسێردرا ، ھەرچەندە تویتەر ھۆکارو ماوەی ھەڵپەساردنەکە ئاشکرا نەکرد، بەڵام ئیلۆن ماسک کە لەمانگی تشرینی یەکەمەوە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەری کڕیوەو چەندین جار مشتومڕی دروستکردووە لە تویتێکدا چەند ئاماژەیەکی گەیاندوو باسی لەوەکردووە، ئەو رۆژنامەنوسانە تێوەگلاون لە بڵاوکردنەوەی زانیاری کەسی لەسەر جموجۆڵەکانی و چاودێریکردنی فرۆکە تایبەتەکەی.

بڕیارەکەی ماسک کاردانەوەی رۆژنامەنوسان و رێکخراوەکانی بەدوای خۆیدا ھێناو لیژنەی پاراستنی رۆژنامەنوسان رایگەیاند، ئەو ھەنگاوەی تویتەر بۆ ھەڵپەساردنی ھەژماری ژمارەیەک رۆژنامەنوس کە رووماڵی پێشھاتەکانی ئەمدواییەی پەیوەست بە تویتەر و خاوەنەکەیان کردووە. پێشێلکارییەکی مەترسیداری مافی رۆژنامەنوسانە لە گواستنەوەی ھەواڵ بەبێ ترس و تۆڵەکردنەوە.

ھاوکات رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ و پەیامنێرانی بێسنور و نەتەوەیەکگرتوەکان و یەکێتی ئەوروپاش لەسەر بڕیارەکەی ئیلۆن ماسک ھاتوونەتە دەنگ و ستیڤان دوجاریک وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان رایگەیاند، ھەڵپەساردنی ھەژماری رۆژنامەنوسان لە تویتەر پێشینەیەکی مەترسیدارە لەکاتێکدا رۆژنامەنوسان لە جیھاندا رووبەرووی سانسۆر و ھەڕەشەی جەستەیی بوونەتەوە.

ماوەیەکە لە ئەمریکا بەکارھێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆتە جێگەی مشتومڕ و زۆرێک بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ناویان دەبەن، لەوبارەیەوە مارک ئەسیسن لەوتارێکدا لە رۆژنامەی واشنتۆن پۆست باسی لەوەکردووە، ترس لە کۆنترۆڵکردنی تویتەر لەلایەن ماسکەوە زیادەڕەوییەکی زۆری تێدا کراوەو ھیچ مەترسییەکی لەسەر دیموکراسی ئەمریکا نیە، ئەوەی مایەی ھەڕەشەیە  کۆنترۆڵکردنی ئەپڵیکەیشتنی تیک تۆکە لەلایەن سەرۆکی چینەوە کەلەو رێگەیەوە زانیاری لەسەر ١٠٠  ملیۆن بەکارھێنەری ئەمریکی کۆدەکاتەوە، بەوتەی ئەو رۆژنامەنوسە تیک تۆک رێگەی خۆش کردووە چین دزە بکاتە ناو ماڵی ئەمریکییەکان.