بانکی ناوەندیی عێراق ھۆکاری دابەزینی بەھای دیناری ئاشکرا کرد

2022-12-15   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
بانکی ناوەندیی عێراق ھۆکاری دابەزینی بەھای دیناری لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، دامەزراندنی سەکۆیەکی نوێی ئەلیکترۆنی بووەتە ھۆی بەرزبوونەوەی خواست لەسەر کڕینی دۆلار.

بانکی ناوەندیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، دابەزینی بەھای دینار لە چەند رۆژی رابردوودا دەگەڕێتەوە بۆ بوونی چەند ھۆکارێک، لەوانە دامەزراندنی سەکۆیەکی ئەلیکترۆنی، کە بووەتە ھۆی بەرزبوونەوەی خواست لەسەر کڕینی دۆلار.

راشیگەیاند، خستنەڕووی دراوی بیانی پەیوەندی بە سەرچاوەی داراییەوە نییە، بەڵکو پەیوەستە بە گرتنەبەری رێکارە کارگێڕی و وردبینییەکان، کە چەند رۆژی داھاتوو کۆتایی دێن و فەرمانکراوە بەخێرایی خواستی بانکەکان لە دابینکردنی دراوە بیانییەکان جێبەجێ بکرێت.

نزیکەی ھەفتەیەکە لە بازاڕەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان، نا جێگیریی لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراودا ھەیە و بەھای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار دابەزینی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە.

خستنەڕووی دراوی بیانی لە ئێستادا ھیچ پەیوەندی بە سەرچاوەی داراییەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە گرتنەبەری رێکارە کارگێڕییەکان و وردبینییەکان ھەیە کە لەچەند رۆژی داھاتوودا تێدەپەڕێنرێت.