ڕووسیا ھەڵوێستی خۆی سەبارەت بە تۆمارە دەنگیەکەی محەمەد جەواد زەریف ڕاگەیاند

2021-04-29   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ڕووسیا ھەڵوێستی خۆی سەبارەت بە تۆمارە دەنگییەکەی محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران ڕاگەیاند کە تیایدا ڕەخنەی لەو وڵاتە گرتووە و وتوویەتی ڕووسیا ئاستەنگ بۆ ئاسایبوونەوەی پەیوەندیەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ خۆرئاوادا دروست دەکات.

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لە ڕاگەیەنراوێکیدا ھۆشداریشی داوە لەوەی کە ھەندێک لایەن ھەوڵدەدەن یاری بە پەیوەندیەکانی نێوان ڕووسیا و ئێران بکەن و ئاماژەی بەوەشکردووە کە تا ئێستا ھەڵوێستێکی ڕەسمی لەلایەن تارانەوە سەبارەت بەو پرسە ڕانەگەیەنراوە.


وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ئاماژەی بەوەشکردووە پەیوەندیەکانمان لەگەڵ ھاوبەشەکانماندا لەسەر بنەمای کردار ھەڵدەسەنگێنین نەک گوتار و خوازیاری پەرەپێدانی پەیوەندیەکانیشمانین لەگەڵ ئێران.
وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕاشیگەیاندووە ئەو تۆمارە دەنگیەی زەریف ئاستەنگ لە بەردەم کاراکردنەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمیەکە دروست دەکات و ئەگەر پشتیوانیی ڕووسیاش نەبوایە ڕێککەوتنەکە ئیمزا نەدەکرا.


ھەر لە درێژەی لێکەوتەکانی دزەپێکردنی ئەو تۆمارە دەنگیەدا، حەسەن ڕۆحانی سەرۆکی ئێران  ڕاوێژکارێکی خۆی دوورخستەوە، دادگایەکی تارانی پایتەختیش گەشتکردنی لە ٢٠ کار بە دەستی ئەو وڵاتە قەدەغە کرد. 


سەرۆکی ئێران حسامەدین ئاشنا ڕاوێژکاری سەرۆکایەتیی لە پۆستی سەرۆکی سەنتەری سەرۆکایەتی بۆ توێژینەوەی ستراتیژی دوورخستنەوە و عەلی ڕوبەیعی وتەبێژی حکومەتی لە شوێنەکەی دانا. ھاوکات  ڕۆحانی، محەمەد عەلەوی وەزیری ھەواڵگری و ئاسایشی ڕاسپاردووە بۆ لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی دزەپێکردنی ئەو تۆمارە دەنگییە.


زەریف لە چاوپێکەوتنێکدا کە لە مانگی مارسی ڕابردوو ئەنجامیداوە و چاوپێکەوتنەکە بۆ بڵاوبوونەوە نەبووە بەڵکو بۆ ڕوونکردنەوەی ھەندێک ڕاستی بووە بۆ ئەوەی حکومەتەکانی داھاتوو سوودی لێ ببینن، سکاڵای کردووە سەبارەت بە ڕۆڵی لە ڕادەبەدەری قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، کە لە ھێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکادا لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداد کوژرا.


زەریف لەو چاوپێکەوتنەیدا ئاماژەی بەوەشکردووە قاسم سلیمانی لە ھەر دانوستانێکی دیپلۆماسیدا سەبارەت بە قەیرانی سوریا مەرجەکانی خۆی سەپاندووە و ئەو نەیتوانیوە قەناعەتی پێ بکات، بۆ نموونە داوای لێکردووە فڕۆکەوانیی مەدەنی بۆ کاروباری سەربازی لە سوریا بەکارنەھێنێت، بەڵام ڕەتیکردووەتەوە.


زەریف ئاماژەی بە ڕۆڵی تێکدەرانەی ڕووسیاش کردووە کە بەردەوام ئاستەنگی بۆ ئاسایی بوونەوەی پەیوەندیەکانی ئێران و خۆرئاوا دروستکردووە.