وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەگەری ئەنجامدانی خۆپیشاندان لە بەغداد، بە بڕیاری فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی بەغداد ٣٦٠٠ سەرباز بڵاودەکرێنەوە.
نوسراوێکی رەسمی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی بەغداد بڵاوکراوەتەوە و تێیدا بڕیاردراوە بە بڵاوکردنەوەی ٣٦٠٠ سەرباز لە ھەردوو بەری رەسافە و کەرخی بەغداد، جەختیشکراوەتەوە لەوەی ئەو ھێزانە نابێت چەکیان پێبێت و تەنھا ئامێری پەیوەندییان پێدەبێت بۆ ئاگاداکردنەوەی ھێزەکانی تر لە رەوشەکە.
ھاوکات نوسراوەکە ئاڕاستەی فەرماندەیی و پۆلیسی بەغداد و ھاتووچۆ و ئۆپراسیۆنەکانی پاراستنی یاسا و نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق و فەرماندە سەربازییەکان کراوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە رۆژی چوارشەممە لە شاری ناسریە خۆپیشاندان بۆ داواکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و دەستلەکارکێشانەوەی پارێزگار بەرێوەچوو و بەھۆیەوە زیاتر لە ٢٠ خۆپیشاندەر کوژران و برینداربوون. محەمەد شیاع سودانی فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانیش فەرمانیکرد بە رەوانەکردنی لیژنەیەکی ئەمنی باڵا بۆ ناسریە بەمەبەستی لێکۆڵینەوە.