لە چین ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە رۆژێکدا ئاستی پێوانەیی تۆمارکرد

2022-12-08   |  
فۆتۆ: 
لاڤە
جارێکی تر لە چین ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە رۆژێکدا ئاستی پێوانەیی تۆمارکرد و لە رۆژێکدا زیاتر لە ٢١ ھەزار تووشبوو تۆمارکرا.

لیژنەی نیشتمانی تەندروستی چین بڵاویکردەوە، لە ماوەی ٢٤ سەعاتی رابردوودا ٢١ ھەزار و ٤٣٩ تووشبووی نوێی کۆرۆنا تۆمارکراوە، کە چوار ھەزار و ٧٩کەسیان نیشانەیان ھەیە و ١٧ ھەزار و ٣٦٠ تووشبوو ھیچ نیشانەیەکیان نییە، بەڵام ھیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان تۆمارنەکراوە.

"ئەنتۆنی فاوچی" گەورە راوێژکاری پزیشکی سەرۆکی ئەمریکاش ھۆشداریداوە لە بڵاوبوونەوەی شەپۆلێکی نوێی کۆرۆنا لە چین، دوای ئەوەی رێکارەکانیان سوککردووە. وتیشی بڵاوبوونەوەی شەپۆلێکی تری کۆرۆنا ئەگەری سەرھەڵدانی گۆڕاوی تری کۆرۆنا لە چین و جیھان زیاتر دەکات. 

"فاوچی" داواشی لە چین کرد ڤاکسینی دروستکراوی وڵاتانی تر ھاوردە بکات، چونکە کاراترن لەو ڤاکسینانەی لە ناوخۆی چین دروستکراون.