پلانی ئابووری جۆو بایدن بۆ ئەمریکا دەگاتە ٢ تریلیۆن دۆلار

2021-04-29   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا پلانی ئیدارەکەی بۆ ئابوری ڕاگەیاند کە بڕەکەی دەگاتە ٢ تریلیۆن دۆلار، تڕەمپیش ڕەخنە لە پلانەکە دەگرێت و پێی وایە دەبێتە مایەی سەرھەڵدانی بێکاری.‏

‏ئیدارەی بایدن بڕی ١.٩ تریلیۆن دۆلاری تر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا داوا دەکات و کۆمارییەکانیش ‏دژایەتی دەکەن و ئەو بڕە پارەیە بە زۆر دەزانن لەبەرئەوەی لە سەرەتای کۆرۆناوە تا ئێستا نزیکەی ٦ تریلیۆن ‏دۆلار خەرجکراوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لە مێژووی ئەمریکا ئەو بڕە خەرج نەکراوە ‏ئەوەش لە کاتێکدایە بایدن پلانی خەرجکردنی ٤ تریلیۆن دۆلاری تری بۆ گەشەپێدانی ژێرخانی ئەمریکا ھەیە.


بایدن لە کۆنگرێس ھێڵەکانی پاکێجی دوو تریلیۆن دۆلاری بۆ بوژانەوە و بەھێزکردنی ژێرخانی ‏ئەمریکای ڕوونکردەوە کە بە گرنگترین پڕۆژەی وەبەرھێنانی ئەمریکی ناساند لە دوای جەنگی جیھانی ‏دووەمەوە، پاکێجەکە لە دوو تریلیۆن دۆلار پێکھاتووە و لە ماوەی ھەشت ساڵدا جێبەجێ دەکرێت و تەواوی ‏ئەو سێکتەرانە دەگرێتەوە کە دەبێتە ھۆی بوژانەوەی ژێرخانی ئابووری ئەمریکا، ھەروەھا پشت ‏بە بەرزکردنەوەی باج دەبەستێت بە ڕێژەی ٢٨٪ لەسەر کۆمپانیاکان.


لە پاکێجەکەدا ٦٢١ ملیار دۆلار بۆ کەرتی گواستنەوە تەرخانکراوە وەک دروستکردنی ڕێگاوبان و پرد و ‏بەندەر و فڕۆکەخانە و گەشەپێدانی ھۆکارەکانی گواستنەوەی کارەبایی، ھەروەھا بڕی ٤٠٠ ملیار ‏تەرخانکراوە بۆ گرنگیدان بەو پڕۆژانەی خزمەت بە خاوەن پێداویستی تایبەت دەکەن لەگەڵ باشترکردنی ‏ژیانیان ھەروەھا دابینکردنی ٣٠٠ ملیار دۆلار بۆ دابینکردنی ئاوی شیرین بۆ تەواوی ویلایەتە ‏یەکگرتووەکانی ئەمریکا.‏


سەرەڕای ئەوەی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا پاکێجی چاکسازی و بەھێز کردنەوەی ژێرخانی ئابووی ‏ئەمریکای بە گرنگ  باسکرد کە دەبێتە ھۆی ڕەخساندنی ملیۆنان ھەلی کار.


دۆناڵد تڕەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا ڕەخنەی لە پڕۆژەکە گرت و پێیوایە ھۆکارێک دەبێت بۆ ‏دروستبوونی بێکاری و بە دەیان ھەزار ئەمریکی کارەکانیان لە دەست دەدەن بەھۆی ئەو پلانەوە کە پشت بە ‏بەرزکردنەوەی باج لەسەر کۆمپانیاکان دەبەستێت ئەوەش ھۆکارێکە بۆ مایە پوچبوون و داخستی ‏سەدان کۆمپانیا و ڕۆشتنە دەرەوەی سەرمایەیی کۆمپانیا ئەمریکیەکان بۆ وڵاتانی تر.