سودانی ناوی کاندیدی وەزارەتەکانی ژینگە و ئاوەدانکردنەوەی پێشکەشکرد

2022-12-02   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ناوی ھەریەکە لە نزار ئامێدی و بەنگین رێکانی، وەک کاندید بۆ وەرگرتنی وەزارەتەکانی ژینگە و ئاوەدانکردنەوە کە لە پشکی کوردن، پێشکەشی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرا و سبەینێ دەنگیان لەسەر دەدێت.

محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، نوسراوێکی ئاڕاستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران کرد و ئاماژەی بەوەکرد، بە مەبەستی تەواوکردنی کابینەی نوێی حکومەت، ھەریەکە لە نزار محەمەد سەعید ئامێدی بۆ وەزارەتی ژینگە و بەنگین عەبدوڵا رێکانی بۆ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە کاندیدکردووە و سی ڤی کاندیدەکانیشی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران ناردووە.

ھاوکات بڕیاروایە سبەینێ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆببێتەوە و لە تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکەدا متمانە ببەخشێت بە وەزیرانی دوو ژینگە و ئاوەدانکردنەوە کە لە پشکی کوردن، بەجۆرێک وەزیری ژینگە پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و وەزیری ئاوەدانکردنەوەش پشکی پارتی دیموکراتی کوردستانە.