ھەیسەم جبوری راوێژکاری کازمی دەستگیرکرا

2022-11-30   |  
فۆتۆ: 
رێبوار
ھەیسەم جبوری راوێژکاری مستەفا کازمی و سەرۆکی پێشووی لیژنەی دارایی بە تۆمەتی کۆکردنەوەی سامان بەشێوەیەکی نایاسایی دەستگیرکرا.

دەستەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی رایگەیاند، بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی تایبەتمەند بە دۆسیەکانی گەندەڵی، ھەیسەم جبوری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران و راوێژکاری مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق بە تۆمەتی کۆکردنەوەی پارە و دەوڵەمەندبوونی لەسەر حسابی سامانی گشتی دەستگیرکرا.

رونیشیکردەوە، لە ھەڵمەتەکانی پشکنین و لێکۆڵینەوە لە موڵک و ماڵ و ئۆتۆمبێل و زێر و مووچەی تۆمەتبار دەرکەوتووە قەبارەی سامانەکەی دەگاتە زیاتر لە ١٦ ملیار و ١٥٧ ملیۆن دینار.