یەکی تشرینی یەکەم خوێندنی ٢٠٢١ – ٢٠٢٢ لە عێراق دەستپێدەکات

2021-06-22   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ڕۆژی یەکی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ پڕۆسەی خوێندنی ٢٠٢١ – ٢٠٢٢ لە عێراق دەستپێدەکات، لیژنەی پەروەردەی ئەنجومەنی نوێنەرانیش دەڵێت عێراق پێویستی بە دروستکردنی ٢٠ ھەزار خوێندنگا ھەیە.

فەلاح قەیسی بریکاری وەزارەتی پەروەردەی عێراق ڕایگەیاند، لە مانگی ئەیلولەوە دەوامی مامۆستا و فەرمانبەران لە خوێندنگاکان دەستپێدەکاتەوە و ڕۆژی ١ی تشرینی یەکەمیش یەکەم ڕۆژی دەوامی خوێندنی ساڵی ٢٠٢١ – ٢٠٢٢ دەبێت و سەرجەم خوێندنگاکانیش پابەند دەکرێن بە ڕێکارەکانی کردنەوەی خوێندنگەکانەوە.


لەلایەکی تریشەوە لیژنەی پەروەردەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاندووە، گرفتی کەمی بینای خوێندنگاکان لە دیارترین ئەو گرفتانەیە کە کەرتی پەروەردە لە عێراق ڕووبەڕووی دەبێتەوە و بۆ چارەسەری ئەو گرفتەش پێویستە ٢٠ ھەزار خوێندنگا لە پارێزگاکاندا دروست بکرێت.


ھەروەھا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە، کە ٢٠١٩ەوە یەک ترلیۆن دینار بۆ دروستکردنی ژمارەیەک خوێندنگا تەرخان کراوە، بەڵام بەھۆی قەیرانە یەک لەدوایەکەکانەوە ئەو بڕە پارەیە تا ئێستا خەرج نەکراوە.