ھاوپەیمانی فەتح دەڵێت رێکارەکانی لێکۆڵینەوە لە پارە دزراوەکەی دەستەی گشتی باجەکان مستەفا کازمیش دەگرێتەوە.
عەلی فەتلاوی ئەندامی ھاوپەیمانی فەتح کە ھادی عامری سەرۆکایەتی دەکات رایگەیاند، دۆسێی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ دۆزینەوە و دیاریکردنی سەرجەم تۆمەتبارانی دزینی دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلارەکەی دەستەی گشتی باجەکان کە بەدزیی سەدە ناسراوە بەردەوامە و دەسەڵاتی تەواویش دراوەتە لیژنە پێکھێنراوەکان و چاوپۆشی لە ھیچ کەس و لایەنێک ناکرێت کە لەو دۆسێیە تێوەگلابێت.
وتیشی، لەسەر دۆسێی دزیی سەدە لێپرسینەوە لە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراقیش دەکرێت بەو پێیەی کەسی یەکەمی دەسەڵاتی جێبەجێکردن بووە و ھەر لێپرسراوێکی حکومەتی پێشووش تۆمەتبار بێت، لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت.