نرخی نەوت بۆ نزمترین ئاست لە ماوەی ١١ مانگی رابردوودا دابەزی

2022-11-28   |  
فۆتۆ: 
لاڤە
بەھۆی خۆپیشاندانەکان لە چین دژی کۆت و بەندەکانی کۆرۆنا، نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەکانی جیھان بۆ ٨١ دۆلار و ٤٧ سەنت دابەزی، کە نزمترین ئاستە لە ماوەی ١١ مانگی رابردوودا.

ئەمڕۆ لەگەڵ کردنەوەی بازاڕی وزەی جیھانی، نرخی نەوتی برێنت بەڕێژەی ٢.٦% دابەزی و گەیشتە ٨١ دۆلار و ٤٧ سەنت، کە نزمترین ئاستە لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە تۆماربکرێت.
نرخی نەوتی تەکساسیش بەڕێژەی ٢.٧% دابەزینی تۆمارکرد و گەیشتە ٧٤ دۆلار و ٢٠ سەنت بۆ ھەر بەرمیلێک. 

دابەزینی نرخی نەوت بەھۆی خۆپیشاندانەکانی وڵاتی چینە دژی کۆت و بەندەکانی کۆرۆنا، کە دوو رۆژە لەسەر یەک بەردەوامە و شارە گەورەکانی گرتووەتەوە، چونکە مەترسی لەسەر داواکاری نەوت دروستکردووە، بە تایبەت کە چین گەورەترین ھاوردەکاری نەوتە لە جیھاندا.