حکومەتی عێراق لیژنە بۆ گەڕاندنەوەی پارە بەتاڵانبراوەکان پێکدەھێنێت

2022-11-26   |  
فۆتۆ: 
ئایار
حکومەتی عێراق لیژنە بۆ بەداواداچوون و گەڕاندنەوەی ئەو پارە بەتاڵانبراوانە پێکدەھێنێت، کە لە سەردەمی حکومەتەکانی پێشوو براونەتە دەرەوەی عێراق.

باقر کازم پەرلەمانتاری ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، لیژنەیەک بۆ بەداواداچوون و گەڕاندنەوەی پارە بەتاڵانبراوەکان لە دەرەوە پێکدەھێنێت.

پێشتر میدیاکانی عێراق ئاشکرایان کرد، ھەفتەی رابردوو محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ بەدواداچوون بۆ پارە بە تاڵانبراوەکانی عێراق و ھەوڵدان بۆ گەڕانەوەیان سەردانی ئوردنی کردووە.

لە سەردەمی حکومەتەکانی پێشوو بە تایبەت لە سەردەمی رژێمی پێشووی عێراق و پێش ساڵی ٢٠٠٣، بە دەیان ملیار دۆلار لە داھاتی گشتیی عێراق بە نایاسایی براونەتە دەرەوەی وڵات.