محەمەد شیاع سودانی سەردانی سعودیە و ئێران دەکات

2022-11-26   |  
محەمەد شیاع سودانی
فۆتۆ: 
ئایار
محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەردانی سعودیە و ئێران دەکات و لە ریاز بەشداری لە لووتکەی وڵاتانی عەرەبی و چین دەکات.

نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سودانی و کازم محەمەد باڵیۆزی ئێران لە بەغداد کۆبوونەتەوە و پرسی ئەمنی و ھەماھەنگییە ئەمنییەکانی نێوان بەغداد و تارانیان تاوتوێ کردووە، ھاوکات باڵیۆزی تاران بانگھێشتنامەیەکی ئیبراھیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێرانی داوەتە سەرۆک وەزیرانی عێراق، کە داوای لێکردووە سەردانی تاران بکات.

ھاوکات سەرچاوەیەک لە نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، بڕیاروایە محەمەد شیاع سودانی بە سەرۆکایەتیی وەفدێکی عێراق سەردانی سعودیە بکات و بەشداری لە لووتکەی عەرەبی-چینی لە سعودیە بکات، بەڵام تائێستا ناوەڕۆکی سەردانەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ سعودیە و ئێران و ئەو بابەتانەی گفتوگۆیان لەبارەوە دەکات ئاشکرا نەکراوە.