وەزارەتی پەروەردەی ھەرێم بڕیاریدا بەکارھێنانی سیستمی غاز لە ناوەندەکانی خوێندن رابگیرێت

2022-11-24   |  
فۆتۆ: 
ئاکار
وەزارەتی پەروەردەی ھەرێم بڕیاریدا، ھەموو ئەو ناوەندانەی خوێندنی ناحکومی کە غازی LPG بەکاردەھێنن، پێویستە کارکردن پێی رابگرن تا دڵنیابوونەوە لە کوالێتی غازەکە و سەلامەتی ئامێرەکان.

وەزارەتی پەروەردەی ھەرێم گشتاندنێکی بڵاوکردەوە کە ئاڕاستەی سەرجەم بەڕێوەبەراتییە گشتییەکانی پارێزگاکانی ھەرێم و ئیدارە سەربەخۆکانی کردووە و لە بەشێکی تردا ھاتووە، فرۆشگاکانی ناوەندی خوێندنی ناحکومی رێگەپێدراو نین سیستمی غازی LPG بەکاربھێنن بۆ ئامادەکردنی خواردن و نابێت غازی شلیش لە ناو ژووری فرۆشگاکان دابنێن، بەڵکو دەبێت لە دەرەوە بێت و لە دووری ژووری بەرێوەبەر و مامۆستایان و فەرمانبەران و پۆلەکان بێت. لە بەشێکی تری گشتاندنەکەدا ھاتووە، لە چواردەوری ھەر ناوەندێکی خوێندن یان ھەر ماڵێک یان شوێنێک غازی LPG بەکاردەھێنێت، پێویستە پشکنینی سەلامەتی بۆ بکرێت، جا ئەو شوێنە سەر بە کەرتی تایبەت بێت یان حکومی.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە ماوەی کەمتر لە ھەفتەیەک بەھۆی تەقینەوەی سیستمی غازی LPG لە شارەکانی سلێمانی و دھۆک، ٢٠ کەس گیانیان لەدەستدا و ٤٣ کەسی تریش بریندار بوون.