ھێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا لە رۆژئاوای کوردستان چڕدەبنەوە و ئەو وڵاتە ئەمڕۆ بە تۆپ و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان شاری عامودا و سنووری حەسەکە و کۆبانێ و مەنبجی لە رۆژئاوای کوردستان بۆردومان کرد.
پەیامێری کوردسات نیوز رایگەیاند، تۆپخانەکانی سوپای تورکیا ھەشتجار بەری رۆژھەڵات و رێگەی گوندی حاسدەیان لەسنووری عامودا و زەوییە کشتوکاڵییەکانی پشتی گەڕەکەکانی نیشتەجێبوونی ھاووڵاتیانیان تۆپبارانکردووە.
روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، ھێرشی ئاسمانیی تورکیا بۆ پێنجەم رۆژ لەسەریەک لە ناوچەکانی ژێر دەستی خۆبەڕێوەبەری باکوور و رۆژھەڵاتی سوریا بەردەوامە و ئەمڕۆش تورکیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ژمارەیەک گوند و ناوچەی لە سنووری ناحیەی زرگان لە باکووری رۆژئاوای پارێزگای حەسەکە و سنووری کۆبانێ بۆردومانکردووە، لەناو ئەو شوێنانەی بۆردومانکراون پاڵاوتگەی نەوت و غاز و خاڵی سەربازیی ھەیە، بەڵام ھێشتا زیانی ھێرشەکان نەزاندراون.
ھاوکات ئاژانسی ھاوار بڵاویکردەوە، تورکیا ھێرشە ئاسمانییەکانی لە سنووری مەنبج چڕکردووەتەوە و ئەمڕۆش ژمارەیەک گوندی لە سنوورەکانی رۆژئاوای مەنبج بۆردومانکردووە.