مەزڵوم کۆبانێ: تورکیا لە ھێرشەکانیدا مەدەنییەکان دەکاتە ئامانج

2022-11-24   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەی گشتی ھێزەکانی سوریای دیموکرات - ھەسەدە رایگەیاند، بەھۆی سەرقاڵبوون بە ھێرشەکانی تورکیا ھەماھەنگییەکانیان لەگەڵ ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش وەستاوە.

مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەی گشتی ھەسەدە لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تورکیا کەسانی مەدەنی دەکاتە ئامانج و دەیەوێت خاکی رۆژئاوای کوردستان داگیربکات، بەڵام ئەو ھێرشانەی تورکیا و بەئامانجگرتنی خەڵکی مەدەنی بێ وەڵام تێناپەڕێت.

مەزڵوم کۆبانێ راشیگەیاند، بەھۆی سەرقاڵبوونیان بە وەڵامدانەوەی ھێرش و بۆردومانەکانی تورکیا، ھەماھەنگی و ئۆپراسیۆنەکانیان لەگەڵ ھاوپەیمانان بۆ بەرەنگاربوونەوە و لەناوبردنی پاشماوەکانی داعش وەستاوە.

فەرماندەی گشتی ھەسەدە وتیشی، لە رۆژی ١٩ی ئەم مانگەوە و بەبێ وەستان سوپای تورکیا ھێرشی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان دەستپێکردووە و لەو کاتەوە زیاتر لە ٤ ھەزار ھێرشی ئەنجامداوە، کە ٦٧ ھێرشیان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بوون.