حسین ئەمیر عەبدوڵاھیان وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، پیلانەکان بۆ نانەوەی شەڕ و دابەشکاری لە وڵاتەکەی شکستیانھێناوە.
حسین ئەمیر عەبدوڵاھیان لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا لە تاران ئاماژەی بە دواپەرەسەندنەکانی وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند، لە دوو مانگی رابردوودا دەستوەردانی دەرەکی لە ناوخۆی وڵاتەکەی گەیشتە لوتکە ، بەڵام توانیان پیلانی نانەوەی شەڕ و دابەشکاری شکستپێبھێنن.
سەبارەت بە چالاکی حزبەکانی ئۆپۆزسیۆن لە ھەرێمی کوردستان، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ٧٦ ناوەندی حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان لە ھەرێمی کوردستان چالاکن و رێککەوتوون حزبەکانی ئوپۆزسیۆنی ئێرانی لە عێراق چەکبکرێن.
لەبارەی ھێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باکوری سوریا، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، تاران لە نیگەرانییەکانی تورکیا تێدەگات، بەڵام جەختدەکەنەوە لەسەر پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سوریا و پاراستنی سنورەکان لەلایەن حکومەتی دیمەشقەوە.
حسین ئەمیر عەبدوڵاھیان ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی دووپاتکردەوە و رایگەیاند، لەگەڵ ئەمریکا ئاڵوگۆڕی پەیامی دیبلۆماسی بەردەوامە، ھەرچەندە ئەمریکا لە راگەیاندنەکاندا ھەڵوێستی جیاوازە.