تورکیا بەرەبەیانی ئەمڕۆ ژمارەیەک گوندی لە سنووری شەھبا بۆردومانکرد

2022-11-23   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
تورکیا زیاتر لە ٤٠ ناوچەی لە رۆژئاوای کورستان بۆردومانکرد، بەھۆی بۆردومانەکانیشەوە چوار شەڕڤانی ھەسەدە گیانیان لەدەستدا.

ئاژانسی ھاوار بڵاویکردەوە، تورکیا بەرەبەیانی ئەمڕۆ ژمارەیەک گوندی لە سنووری ناوچەی شەھبا لە سنووری پارێزگای حەلەب بۆردومانکردووە و رۆژی سێشەممەش زیاتر لە ٤٠ پێگەی لە ناوچەکانی باکوور و رۆژھەڵاتی سوریا بۆردومانکردووە، کە بەشێکیان لە ناوچەی شەھبا بوون و ژمارەیەک بنکەی تەندروستی و فێرکاری و کارەبا و ژمارەیەک گوند بەر بۆردومانەکە کەوتوون.

ھاوکات روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، تانک و تۆپخانەکانی سوپای تورکیا ١٠ گوندیان لە سنووری تل تەمر لە باکووری رۆژئاوای پارێزگای حەسەکە بۆردومانکردووە، روانگەی سوریا راشیگەیاند، بەھۆی بۆردومانەکانی رۆژی سێشەممەی تورکیا لە ناوچەکانی سەربە خۆبەڕێوەبەریی باکوور و رۆژھەڵاتی سوریا، چوار شەڕڤانی ھێزەکانی سوریای دیموکرات-ھەسەدە گیانیان لەدەستداوە و سێ سەربازی حکومەتی سوریاش کوژراون.  

ھەر رۆژی سێشەممە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا بنکەیەکی سەربازیی ھاوبەشی ھەسەدە و ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیان لە باکووری حەسەکە بۆردومانکرد، بەھۆیەوە دوو کەس کوژراون و سێ کەسی تریش بریندار بوون.

تورکیا چوار رۆژە ئۆپراسیۆنێکی نوێی لە ناوچەکانی باکووری رۆژئاوای کوردستان و ھەرێمی کوردستان دەستپێکردووە و لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ناوچەکانی سنووری کۆبانێ و حەسەکە بۆردومان دەکات.