رۆژی سێشەممە ئەنجومەنی نوێنەران گفتوگۆ لەبارەی پێشێلکارییەکانی تورکیا و ئێران دەکات

2022-11-21   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
رۆژی سێشەممە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی تورکیا و ئێران کۆدەبێتەوە، فراکسیۆنە کوردستانییەکانیش داوا دەکەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سیستمی بەرگری مووشەکی بدەنە عێراق بۆ بەرپەرچدانەوەی ھێرشەکان.

فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەران بڵاویکردەوە، رۆژی سێشەممە ئەنجومەنی نوێنەران کۆدەبێتەوەو گفتوگۆ لەبارەی بابەتی پاراستنی سەروەری عێراق دەکات.  فراکسیۆنە کوردستانییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانیش راگەیەنراوێکیان لەبارەی پێشێلکارییەکانی ئێران و تورکیا بڵاوکردەوەو رایگەیاند، ھێرش و بۆردومانەکان بۆ سەر ھەرێمی کوردستان ، پێشێلکردنی بەردەوام و ئاشکرای  سەروەری عێراق و ھەرێمی کوردستانە لەلایەن وڵاتانی دراوسَیوە، ئیدانەکردن و پێکھێنانی لیژنە بۆ لێکۆڵینەوە بەس نیە و رێگری لە دووبارەبوونەوەی پێشێلکارییەکان ناکات ، لەبەرئەوە پێویستە ئەنجومەنی نوێنەران ھەڵوێستێکی یاسایی گونجاو بگرێتەبەر  بۆ رێگری لە پێشێلکارییەکان و ئیدانەی بکات.

فراکسیۆنە کوردستانییەکان داوا لە ئەنجومەنی نوێنەران دەکەن بۆ دانیشتنی رۆژی سێشەممە لایەنی جێبەجێکار بانگھێشت بکرێت و رێوشوێنی جدی و کرداری بگیرێتەبەر  بۆ پاراستنی سەروەری وڵات و  راگرتنی ھێرشەکان. داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد سیستمی بەرگری مووشەکی بدەنە عێراق بۆ بەرپەرچدانەوەی ھێرشەکان.