کەنعانی عێراق و ھەرێم بەڵێنەکانیان سەبارەت بە مەترسییە ئەمنییەکان نەبردووەتەسەر

2022-11-21   |  
فۆتۆ: 
لاڤە
"ناسر کەنعانی"وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، حکومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان بەڵێنەکانیان بەرامبەر وڵاتەکەی سەبارەت بە مەترسییە ئەمنییەکان نەبردووەتەسەر.

"ناسر کەنعانی" لە کۆنفلڕانسی رۆژنامەوانی ھەفتانەیدا رایگەیاند، ھیواخوازن ئێران لە خاکی عێراق و ھەرێمی کوردستانەوە روبەڕووی ھەڕەشە و مەترسی نەبێتەوە. 

وتیشی، پشتیان بە حکومەتی ناوەند و ھەرێم بەستووە کە پابەندبن بە بەرپرسیارێتییە نێودەوڵەتی و پەیمانەکانیان، بەڵام تائێستا بەڵێنەکانیان نەبردووەتە سەر و لەسەر ئەو بنەمایەش ھەستاون بە بەرگری کردن لە ئەمنییەت و پاراستنی ھاووڵاتیانیان.

"ناسر کەنعانی" راشیگەیاند، لە دوو دانیشتندا لە تاران داواکارییەکانیان خستووەتەڕوو و جەختیان کردووەتەوە لەوەی نابێت چەک و کەلوپەلی سەربازی لە ھەرێم و عێراقەوە بدرێتە حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان و دژ بە ھاووڵاتیانیان بەکاربھێندرێت، ئەم قسانەی کەنعانیش لەکاتێکدا کە پێشتر حکومەتی ھەرێم رەتیکردەوە ھیچ جۆرە چەکێک لە ھەرێمەوە رەوانە کرابێت.