ئەمریکا و یونامی و ئەڵمانیا و ھۆڵەندا و بەریتانیا بۆردومانەکەی ئێران ئیدانە دەکەن

2022-11-21   |  
فۆتۆ: 
لاڤە
ئەمریکا و ئەڵمانیا و ھۆڵەندا و بەریتانیا و نەتەوە یەکگرتووەکان ئیدانەی بۆردومانە مووشەکی و درۆنییەکانی شەوی رابردووی ئێران بۆ سەر خاکی ھەرێمی کوردستان دەکەن و داوادەکەن ھێرشەکان رابگیرێت.

نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق یۆنامی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دەبێت ئەو بۆردومانە دووبارانە رابگیرێن کە پێشێلکارین بۆ سەر سەروەری عێراق، ئەو جۆرە بۆردومانانەش تەنھا ئاڵۆزییەکان زیاتردەکات و کارەساتی لێدەکەوێتەوە. یونامی دەڵێت، رێگەی دیبلۆماسی تاکە رێگەیە بۆ بەرەوپێشچوون و چارەسەر. 

ھاوکات، ژەنەراڵ "مایکل ئیریک کوریلا" فەرماندەیی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئیدانەی بۆردومانە ھەڕەمەکی و نایاساییەکانی ئێران بۆ سەر ھەرێمی کوردستان دەکەن، کە سەقامگیری عێراق و خۆرھەڵاتی ناوەڕاست دەخاتە مەترسییەوە، کە بەئەستەم ئەو سەقامگیرییە بەدەستھاتووە. راشیگەیاند، ئەو بۆردومانانە ژیانی مەدەنییەکان دەخاتە مەترسییەوە و پێشێلکارییە بۆ سەر سەروەری عێراق. 

کونسوڵخانەی ھۆڵەنداش لە ھەرێم سەرباری ئیدانەکردنی بۆردومانەکە، پشتیوانی داواکارییەکانی بۆ رێزگرتن لە یەکپارچەیی خاکی عێراق دەربڕی و داوایکرد ئەم پەرەسەندنی توندوتیژییە لە ھەرێم رابگیرێت.  
کونسوڵخانەی ئەڵمانیاش لە ھەرێم ئاماژەی بەوەدا، ھێرشەکە پێشێلکاری زەقی یەکپارچەیی خاک و سەروەری عێراقن و داوا لە ئێران دەکەن رایبگرێت. 

ھاوکات "دەیڤد ھەنت" کونسڵی گشتی بەریتانیاش لە ھەرێم وتی، بەریتانیا بەرامبەر ئەو ھێرشە بێ پاساوە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەوەستێت.