سەرۆکی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی و بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی بەغداد لە پۆستەکانیان دوورخرانەوە

2022-11-17   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
دوای دووجار ئاگرکەوتنەوە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەرۆکی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی و بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی بەغداد و بەڕێوەبەری ئاسایش فڕۆکەخانەکەی لە پۆستەکانیان دوورخستەوە.

نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سودانی بڕیاریداوە بە دوورخستنەوەی نائیل سەعد سەرۆکی دەسەڵاتی فرۆکەوانی مەدەنی عێراقی و ھەروەھا عەلی تەقی بەرێوەبەری فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد و بەڕێوەبەری ئاسایش فڕۆکەخانەکەی لە پۆستەکانیان دوورخستووەتەوە.

ئەم بڕیارە لە پاش رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد ھات، کە لە ماوەی دوو ڕۆژدا دوو جار ئاگر لە فڕۆکەخانەکە کەوتەوە، ئەمڕۆش محەمەد شیاع سودانی سەردانی فرۆکەخانەی کرد و کاریگەرییەکانی روداوەکەی لە نزیکەوە بینی.