سەرۆک کۆماری عێراق لە ھەولێر لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ھەرێم کۆبووەوە

2022-11-15   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق، لە ھەولێر لەگەڵ سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی پارتی و سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی پەرلەمان کۆبووەوە.

پێش نیوەڕی ئەمڕۆ، د. لەتیف رەشید بە سەردانێک گەیشتە ھەولێر و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێم کۆبووەوە و جەختیان لە گرنگی "گفتوگۆی بنیاتنەر" بۆ چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی ناوەند و حکومەتی ھەرێم بەپێی دەستوور کردەوە، بەشێوەیەک کە مافی ھەموو ھاووڵاتییان مسۆگەر بکات.

ھەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک کۆمار ھیوای خواست بە ھاوکاریی ھەموو ھێز و لایەنە سیاسییەکانی عێراق، بتوانن پێکەوە و بەپێی دەستوور کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەولێر و بەغداد و کێشەکانی تر بکەن، لە بەرامبەردا نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، چاوەڕوانییان ھەیە سەرۆک کۆمار رۆڵ ببینێت لە چارەسەرکردنی کێشەکان و ھەموو ئامادەیی و پشتگیرییەکی ھەرێمیش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ بەغداد و پێکەوەکارکردن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی دووپاتکردووەتەوە.

ھەروەھا سەرۆک کۆماری عێراق لەگەڵ سەرۆکی پارتی کۆبووەوە و ھەردوولا پاڵپشتیی خۆیان بۆ حکوومەتی عێراق و جێبەجێکردنی بەرنامەکەی دووپاتکردەوە و جەختیانکردەوە لە چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دیالۆگ و دوور لە زمانی ھەڕەشە.

دواتریش د. لەتیف رەشید لەگەڵ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت کۆبووەوە و لە ئێستاشدا لەگەڵ د. رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە باڵەخانەی پەرلەمان لە کۆبوونەوەدایە.