پێشبنی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ ٨٠ دۆلار دەکرێت

2021-04-29   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
دوای تۆمارکردنی نرخی ٧٠ دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک نەوت لە مانگی شوباتدا، زیاتر لە دوو مانگە نرخی نەوت نەیتوانیوە ئەو نرخە تۆمار بکاتەوە، ئەوەش بەھۆی سەرھەڵدانی شەپۆلەکانی دیکەی کۆرۆنا لەجیھاندا، لەگەڵ ئەوەشدا ھێشتا نرخی نەوت ھاوشێوەی ٢٠٢٠ دابەزینی بەرچاوی تۆمارنەکردووەو لە دەروبەری ٦٠ دۆلاردا مامەڵەی پێوەدەکرێت.

لە تازەترین لێکۆڵینەوەی ناوەندە پەیوەندیدارەکانیشدا ھاتووە، نرخی نەوت لە چەند مانگی داھاتوو بە شێوەیەکی سەرسوڕھێن بەرز دەبێتەوە، لەو بارەیەشەوە تیمی گەڕان و پشکنینی کاڵا لە بانکی گۆڵدمان ساکسی ئەمریکی، پێشبینی کردووە لە ماوەی شەش مانگی داھاتوو نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنتی تێکەڵ بەرزدەبێتەوە بۆ ٨٠ دۆلار و، نەوتی خاوی تەکساسیش نرخەکەی لە ٧٧ دۆلاردا لەنەگەر دەگرێت.

ھاوکات بانکی گۆڵدمان ساکسی ئەمریکی پێشبینی بەرزبوونەوەی خواستی ھەمووەکی کردووە لە سەر نەوت بۆ پێنج ملیۆن و ٢٠٠ ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، ئەویش بەھۆی  بەکارھێنانی ڤاکسینی کۆرۆنا لە جیھاندا و  فراوان بوونی خواستی گەشت کردن بە وڵاتاندا.

ھەروەھا بانکە ئەمریکیەکە ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، ئاسانکاری لە گەشت کردنی ھاوڵاتیان لە مانگی ئایاردا خواست لەسەر سووتەمەنی فرۆکە لە جیھاندا بۆ یەک ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بەرز دەکاتەوە.

لە ساڵی  ٢٠٢٠ دا بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە نرخی نەوت نزمترین ئاستی تۆمار کرد، کە لە ٣٥ ساڵی رابردوودا خوار ٢٠ دۆلاری بەخۆیەوە نەبینی بوو، بەو ھۆیەشەوە رێکخراوی ئۆپیک پڵەس بە سەرکردایەتی روسیا و سعودیە بڕی ھەناردەی نەوتیان سنوردارکرد و بەتەنھا سعودیە یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی ھەناردەی خۆی بۆ بازاڕەکانی جیھان کەمکردەوە تا بەر بەدابەزینی زیاتری نرخەکەی بگرن.