کازمی بە دروستکرنی یەک ملیۆن یەکەی نیشتەجێبوون کێشەی کرێچی چارەسەر دەکەین .
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عیراق ئاشکرایکرد، ھەرچەندە زیاتر لە ١٠ پرۆژەی نیشتەجیبوون لەبەغداو پارێزگاکانی تر لەکاردایە، بەڵام ئاڕاستەی حکومەت ئەوەیە یەک ملیۆن یەکەی نیشتەجێبوونی تر لەسەرانسەری عیراقدا دروست بکرێت .
سەرۆک وەزیرانی عیراق لەمیانی سەردانێکیدا بۆ کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی بەسمایە لەباشووری رۆژھەڵاتی بەغدا رایگەیاند، بەشێوەیەکی جددی پاڵپشتی پرۆژەکانی نیشتەجێکردن دەکەین، تا دەگاتە یەک ملیۆن یەکەی نیشتەجێبوون لەسەر ئاستی ھەموو عیراق .
کازمی ئاماژەی بەوەشکرد، لەماوەی رابردوودا دەنگماندا لەسەر دروستکردنی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی رەفیل و ئێستا ئامادەیە بۆ جێبەجێکردن، جگەلەوەش ئێستا ١٠ پرۆژەی تری نیشتەجێبوون لە بەغداو سەرجەم پارێزگاکانی دەست بەجێبەجێکردنیان کراوە .
سەرۆک وەزیرانی عیراق رونیکردەوە، ئێستا ٣٥ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە کۆمەڵگەی بەسمایە تەواوکراون و ئامانجمان ئەوەیە ئەو ژمارەیە بۆ ١٠٠ ھەزار بەرز بکەینەوە.