د. نەرمین مەعروف: بانکی ناوەند بەنیاز نییە بەھای دینار لەبەرامبەر دۆلار بەرزبکاتەوە

2022-10-24   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت، بانکی ناوەند بەنیاز نییە بەھای دینار لەبەرامبەر دۆلار بەرزبکاتەوە

د. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، لیژنەکەیان پرسیاریان لە پارێزگاری بانکی ناوەندی کردوە، سەبارەت بە دەنگۆی دابەزاندنی بەھای دۆلار بەرامبەر بە دینار، لە راپۆرتێکدا وەڵامی پرسیارەکەی داوەتەوە و جەختی لەوەکردۆتەوە، بە نیاز نییە گۆڕانکاری لە بەھای دۆلاردا بکات.

وتیشی، بەھای ئێستای دۆلار کۆمەڵێک دەرەنجامی پۆزەتیڤی ھەبووە و  تارادەیەکی باش  کورتھێنانی لە بودجەی حکومەت کەمکردوەتەوە، حکومەت لەو رێگەیەوە توانیویەتی بەشێک لە قەرزە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی بداتەوە، ھەروەھا گۆڕانکاری لە بەھای دینار لە ماوەیەکی نزیکدا ناجێگیری دروستدەکات لە بازاڕی دراو و دەبێتە مایەی بێ متمانەیی بە دینار و  دروستکردنی کاریگەریی خراپ لەسەر چالاکی  ئابووری و رەوشی وەبەرھێنان.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بانکی ناوەند پێی وایە دەکرێت حکومەت لەرێگەی بەخشینی کۆمەک و ھاوکاریی بۆ توێژی کەمدەرامەتان، ھەروەھا لەرێگەی باشترکردنی کۆبۆنی خۆراک کاربکات بۆ کەمکردنەوەی لێکەوتەکانی بەرزبوونەوەی بەھای دۆلار نەک گێڕانەوەی بۆ نرخە کۆنەکەی.