وەبەرھێنانی ھەرێم سزای وەبەرھێنی کەمتەرخەم دەدات

2021-06-19   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
دەستەی وەبەرھێنانی کوردستان بە مەبەستی دوانەکەوتنی پرۆژەکانی وەبەرھێنان کۆمەڵە رێنماییەک گەڵاڵە دەکات.

دوای ئەوەی لە سنوری پارێزگای ھەولێر ژمارەیەک پرۆژەی وەبەرھێنان پابەند نەبوون بە تەواوکردنی کارەکانیان و، بەشێکی دیکەشیان بەپێی کوالیتی بڕیار لێدراو کارەکانیان تەواو نەکرد و گرفتی بۆ دەستەی وەبەرھێنانی کوردستان دروست کرد، دەستەی وەبەرھێنان ژمارەیەک رێنمایی و رێکاری دارایی گرتەبەر.


لەو بارەیەوە عەزیز سعید رەشید بەریوەبەری گشتی وەبەرھێنانی سلێمانی وێڕای پشت راستکردنەوەی ئەو بابەتە ، بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئێمە وەک دەستەی وەبەرھێنانی سلێمانی سەرەڕای ئەوەی کەمترین دۆسیەی دواکەوتن و کەمتەرخەمیمان لە پرۆژەکاندا ھەیە، بەڵام پێشتر کۆمەڵێک رێنماییمان گەڵاڵەکرد، بە مەبەستی دیاریکردنی ئەرک و مافی وەبەرھێنەران و سەرۆکی دەستەش لە ئەنجومەنی وەزیران خستویەتیەڕوو ، چاوەڕێی گشتاندنی ئەو رێنماییە تازانەین.


گەڵاڵەکردنی ئەم رێنماییانەی وەبەرھێنان دوای ئەوە دێت، کە پێشتر چوار بڕیاری٥٨٤ و  ٥٨٥ و ٥٨٦ و ٥٨٧ یان ھەبووە، کە تیایدا وەبەرھێن پابەند دەکات بە دانانی بڕێک پارە وەک گرەنتی لەلای دەستەی وەبەرھێنان، ئەگەر ھاتوو پرۆژەکەی لە وادەی خۆیدا تەواو نەکرد یاخود بەپێی مەرجە بڕیار لێدراوەکان نەبوو، لەو بڕە پارەیەی دایناوە سزا بدرێت.