خۆپیشاندانەکانی رۆژھەڵات دژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی بەردەوامە

2022-10-07   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان دژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی بەردەوامە و ٢٣ ھاووڵاتی دیکەش لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەرکران.

بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافی مرۆڤ، لە درێژەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی شارەکانی رۆژھەڵات ٢٣ ھاووڵاتی دیکە لە شارەکانی"سنە و مەھاباد و پیرانشار و شنۆ و ئورمیە" دەستبەسەرکراون.

ھەر بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکە لەدرێژەی خۆپیشاندانەکان دژ بەگیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، تائێستا زیاتر لە دوو ھەزار کەس لە شارەکانی رۆژھەڵات دەستبەسەرکراون، لەو ژمارەیەش ناسنامەی ٤٠٠ کەسیان ئاشکرابووە، ھەروەھا لەنێودەستبەسەرکراوەکانیشدا زیاتر لە ١٠٠ چالاکوانی ژنی تێدایە و ناسنامەی ٧٥ کەسیان ئاشکرا کراوە.

ھاوکات بەپێی ئامارێکی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانیش، لەسەرەتای خۆپیشاندانەکانەوە تائێستا زیاتر لە ١٥٠ کەس گیانیانلەدەستداوە کە ٢٣یان کوردن.