دەستەی ناوچە کوردستانییەکان: فەرامۆشکردنی زمانی کوردی پێچەوانەی دەستوورە

2022-10-07   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
دەستەی ناوچە کوردستانییەکان دەڵێت، فەرامۆشکردنی زمانی کوردی لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی عێراقەوە پێچەوانەی دەستوورە.

دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاندووە، وەزارەتی پەروەردەی عێراق بە نووسراوێکی وەزاری وانەی کوردی لە پەروەردەی عەرەبیدا بێ بایەخ دەکات و دەڵێت ھەر خوێندکارێک لە وانەی کوردی دەرنەچێت بە کەوتوو ھەژمارناکرێت، ئەوەش فەرامۆشکردنی زمانی کوردی و پێچەوانەی دەستووریشە کە ھەردوو زمانی کوردی و عەرەبی بە رەسمی ناساندووە.

دەشڵێت، ئەو پاشەکشە دەستوورییە زەنگێکی مەترسیدارە و خزمەتی ژیانی پێکەوەیی ناکات و داوای ڕوونکردنەوەی بڕواپێکراویش لە وەزارەتی پەروەردەی عێراق دەکەن و داوا لە فراکسیۆنە کوردییەکانیش دەکەن ئەو پێشێلکاری و  بێبایەخ کردنانەی زمانی کوردی بیانھێنێتە دەنگ و ڕێوشوێنی یاسایی پێویست بگرنەبەر.